سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمریکا کۆبووەوە

سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمریکا کۆبووەوە
پەیامی کورد   ...   سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمریکا کۆبووەوە

سێشەممە 9/9، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکا کرد، کە لە ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا ئەمریکییەکان پێکهاتبوو.

لە کۆبوونەوەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و وێندی گرین، کونسووڵی گشتی ئەمریکا ئامادەی بوون، سەرۆکی حکوومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هاوکاری و پشتیوانی ئەمریکا دەربڕی. پاشان تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری، بە تایبەتی لە کەرتەکانی ووزە و کشتوکاڵ و سیستەمی بانکی و دیجیتاڵ کردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەمبارەیەوە ئاماژەی بە سەرکەوتنی هەردوو پڕۆژەی (هەژماری من) و (ڕووناکی) کرد.

سەرۆکی حکومەت هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە دووپات کردەوە.

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکا، بە ناوی شاندەکەوە، سوپاسی پێشوازی گەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی شاندەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا دەربڕی.

لە کۆتایی دا ، سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت، ووڵامی پرسیار و سەرنج و تێبینییەکانی ئامادەبووانیان دایەوە.

ئەم بابەتە 28 جار خوێندراوەتەوە