ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەێندرا

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەێندرا
پەیامی کورد   ...   ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەێندرا

چوارشەممە 10ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیران ەوە، سه‌ره‌خۆشی ئاراستەی بنه‌ماڵه‌ و كه‌س وكار و هاوڕێیانى خوالێخۆشبوو سەعد خالید، وەزیری پێشووتری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان کرد، کە دوێنێ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

بڕگەی یەکەم، گفتوگۆکردن بوو لەسەر دواپێشهاتی هەردوو دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و تاوتوێکردنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لەسەر ئەم دوو بابەتە، کە لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ووردەکارییەکان خرانەڕوو.

سەبارەت بە بابەتی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە کە پێشنیاری هەرێم سەبارەت بە پۆلێن کردنی داهاتی نانەوتی و شێوازی هاوبەشی پێکردنی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ پشت بەستن بە هەردوو یاسای فیدڕاڵی بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 و یاسای بوودجەی فیدڕاڵ ژمارە 13 ساڵی 2023 و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی کە بە ڕوونی چوارچێوەی یاسایی ئەم بابەتەیان دیاریکردووە، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پێشنیاری حکوومەتی هەرێم بکاتە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان کە پشت بەستنە بە یاسا فیدڕاڵییەکان و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، تا چی دیکە نەبێتە ئاستەنگی بەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم. لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێم داوای شایستەکانی خۆی بەگوێرەی یاسا دەکات ئەمەش وا دەخوازێ حکوومەتی فیدڕاڵ، پێشنیار و تێڕوانینى یاسایی حکوومەتی هەرێم لەمبارەیەوە قبووڵ بکات.

سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمیش، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، هەموو ئەو هەنگاو و ڕێکار و ئاسانکارییانەی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەنجامیان داوە و بەردەوامیشە لە هەوڵەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و هاوسەنگی سێ لایەنە کە لە بەرژەوەندی گشتی بێت بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ گەنجینەی فیدڕاڵی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕاسپێردرا بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکان و لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک.

بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی کۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە پێشنیاریان سەبارەت بە پیادەکردنی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە (38)ی ساڵی 2007 بۆ ئەو خانەنشینانەی کە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە کە لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە و عەبدۆلحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، خرایەڕوو.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پشتیوانی لە هەر ڕاسپاردە و بڕیارێک دەکات لە بەرژەوەندی هێزەکانی پێشمەرگە بێت، بە ئاراستەی باشترکردنی مووچەی خانەنشینی و شایستەدارایی یەکانیان.

بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی فیدراڵ، ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی باشترین بژاردەی یاسایی کە دابین کەری باشترین مووچەی خانەنشینی بێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە شایانی باشترین خزمەتن، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی هێزەکانی پێشمەرگە وەک بەشێکی گرینگ لە سیستەمی بەرگری نیشتیمانی کە بەرپرسیارییەتی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی خاک و نیشتیمان، لە هەمان کات دا ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە خەرج بکات کە دواکەوتووە.

لە بڕگەی سێیەمدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشنیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییان سەبارەت بە ئاسانکاری پێشینە و قەرزەکانی تایبەت بە بوارەکانی (خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و نیشتەجێ کردن و گەشتیاری) خستەڕوو، کە لە ساڵانی پێشتر، لەلایەن بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە هاووڵاتییان دراوە.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا ئاسانکاری پێویست بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە پێشتر سوودمەند بوون لە پێشینە و قەرزەکانی بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی بکات، ئەویش بە لێخۆشبوون بە ڕێژەی 15٪ی بڕی ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانکی و پێبژاردنی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکان، ئەم ئاسانکارییەش تاوەکوو 2025/12/31 بەرکار دەبێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرن. ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد ڕێنمایی پێویست بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارە دەربکات.

ئەم بابەتە 21 جار خوێندراوەتەوە