سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە
پەیامی کورد   ...   سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٤/٧ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ئەبووزەبی، لەگەڵ محەمەد بن زاید ئال نەھیان، سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و فراوانکردنی ھاوکاری ھاوبەشی نێوانیان کردەوە، بەتایبەتی لەو بوارانەدا کە بۆ ھەردوولا پێویستن.

لەمبارەیەوە دەرفەتی وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاری ئیماراتی و کەرتی تایبەتی ووڵاتەکەیان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرد و بیروڕایان دەربارەی ئەو بوار و کەرتانە گۆڕییەوە کە دەکرێ ئیمارات لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، وەبەرھێنانیان تێدا بکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوو سەرۆک بە فراوانی دوایین ڕووداو و پێشھاتەکانی ناوچەکە و مەترسی و لێکەوتەوکانیان بەسەر دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ووڵاتانی ناوچەکەوە، باس کرد.

ھەردوولا جەختیان لە گرینگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و دان بەخۆداگرتن و دانایی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا کردەوە،‌ بە جۆرێک ڕێ لە ئاڵۆزی و ئاشووبی زیاتر لە ناوچەکە بگیرێت و ھەموو لایەک کار بۆ ئاشتی و سەقامگیری بکەن.

دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە