کوردە عومەر : کورد بەبێ مەرج دەیەوێ پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند بکرێت

کوردە عومەر : کورد بەبێ مەرج دەیەوێ پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند بکرێت
پەیامی کورد   ...   کوردە عومەر : کورد بەبێ مەرج دەیەوێ پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند بکرێت

فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەکەن، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێ "تا ئەو کاتەی پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بەبێ مەرج پەسەند نەکرێت بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ناکەین."

کوردە عومەر، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "بۆچوونی زۆرینەی کورد ئەوەیە بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عیراق نەکەین تا ئەو کاتەی پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەخرێتە ناو کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان و بەبێ هیچ مەرجێک پەسەند دەکرێت، لەبەر ئەوەش ئەگەر لە ڕۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەکان بەڕێوەبچن فراکسیۆنە کوردییەکان بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق ناکەن."

ئەو پەرلەمانتارە کوردە دەشڵێت "بەشدارینەکردنی کورد کاریگەری لەسەر پەکخستنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەبێت، چوونکە هیچ کاتێک لە 200 پەرلەمانتار زیاتر بەشداری کۆبوونەوەکانی نەکردووە، ئەگەر بێت و 65 پەرلەمانتاری کوردیش بەشداری نەکەن ئەوە نیسابی یاسایی تەواو نابێت."

کوردە عومەر لە سەر کۆدەنگی فراکسیۆنە کوردییەکان ووتی "هەر کاتێک کورد لە بەغدا یەکگرتوو و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بووبێت توانیویەتی داواکارییەکانی بەدەست بێنێ، بۆیە یەکڕیزی کورد لە بەغدا گرینگە بۆ ئەوەی داواکاری گەلەکەمان بەدەست بێنین."

ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە