هۆشداری تڕامپ بە ئێران

پەیامی کورد ... هۆشداری تڕامپ بە ئێران
سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەێنێت، ئێران دەبێت زوو بڕیار لەسەر پێشنیازێکی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی بدات، ئەگەر نا "شتێکی خراپ روودەدات."
ڕۆژی هەینی، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەبووزەبی ئیمارات قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان کرد.
ترامپ ڕایگەیاند، ئیدارەکەی پێشنیازێکی بۆ ڕێککەوتن پێشکەش بە ئێران کردووە و ووتی، "ئەوان [ئێران] ئاگاداری ئەوەن کە دەبێت بەخێرایی هەنگاو بنێن، ئەگەرنا شتێکی خراپ ڕوودەدات."
یەکەم جارە ترامپ دان بەوە دەنێت کە واشینتۆن لەسەر پرسی ئەتۆمی پێشنیازی بۆ تاران کردووە، ئەمەش دوای چوار گەڕی دانووستاندنی نێوان هەردوولا دێت.
ترامپ ئەو ووتانەی لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی "ئێر فۆرس وان"دا کرد، لە کاتێکدا گەشتەکەی بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کۆتایی پێ دەهێنا، کە دوا وێستگەی گەشتە سێ ووڵاتییەکەی بوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ سەعوودیە، قەتەر و ئیمارات یشی لەخۆگرتبوو.





