هەڕەشەی بازرگانی ترامپ لە عێراق : یان بەرهەم لەئەمریکا یان گومرگی30%!

هەڕەشەی بازرگانی ترامپ لە عێراق : یان بەرهەم لەئەمریکا یان گومرگی30%!
پەیامی کورد   ...   هەڕەشەی بازرگانی ترامپ لە عێراق : یان بەرهەم لەئەمریکا یان گومرگی30%!

سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکی فەرمی دا کە بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی ناردووە دەنووسێت، ئەمریکا لە 1ـی ئابی 2025ـەوە، پێناسی گومرگی بەڕێژەی 30% بەسەر هەر بەرهەمێکی عێراقی دا دەسەپێنێت، کە ڕەوانەی ئەمریکا دەکرێت.
لە نامەکەدا کە رۆژی 9ـی جووڵای 2025 دەرچووە و واژووی دۆناڵد ترامپ ی لەسەرە، هاتووە: "شەرەفێکی گەورەیە ئەم نامەیەتان بۆ دەنێرم، چوونکە هێز و پابەندبوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان نیشان دەدات، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا کورتهێنانێکی بازرگانی بەرچاوی لەگەڵ ووڵاتەکەتان دا هەیە."
ترامپ هۆکاری بڕیارەکە بۆ "کورتهێنانی بازرگانی درێژخایەن و بەردەوام" دەگەڕێنێتەوە کە بەهۆی "پێناس و رێگرییە بازرگانییەکانی عێراق ەوە" درووست بووە.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، ترامپ هەڕەشەیەکی دیکە دەکات و دەڵێت: "ئەگەر بە هەر هۆکارێک بڕیار بدەن پێناسەکانتان بەرز بکەنەوە، ئەوا هەر ژمارەیەک هەڵیبژێرن، دەخرێتە سەر ئەو 30%ـەی کە ئێمە دامانناوە."
سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کورتهێنانە "هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئابووری و ئاسایشی نیشتمانی" ویلایەتە یەکگرتووەکان.
لەگەڵ ئەوەش دا، ترامپ دەرگایەکی بۆ لێخۆشبوون هێشتووەتەوە و دەڵێت: "هیچ پێناسێک لەسەر عێراق نامێنێت ئەگەر کۆمپانیاکان بڕیار بدەن لەناو خاکی ئەمریکادا بەرهەم درووست بکەن یان کارگە بکەنەوە" و بەڵێنی داوە "لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا" رەزامەندی خێرا و پیشەیی یانە بۆ ئەو پڕۆژانە دابین بکەن.
لە کۆتایی نامەکەیدا، ترامپ ئاماژەی بەوە کردووە، "ڕەنگە ئەم پێناسانە بەرەو سەرەوە یان خوارەوە دەستکاری بکرێن، ئەمەش پشت بە پەیوەندی نێوانمان دەبەستێت" و نووسیویەتی: "هیچ کاتێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نائومێد نابن.

ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە