سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەشێک لە چین و توێژەکانی نەینەوا و شنگال کۆبووەوە
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەشێک لە چین و توێژەکانی نەینەوا و شنگال کۆبووەوە
چوارشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە شاری دھۆک، سەرۆک مەسعوود بارزانی، لەگەڵ بەشێک لە چین و توێژەکانی نەینەوا و شنگال کۆبووەوە . سەرۆک بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا ووتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و رایگەیاند: بە نسبەت ئێمە نەینەوا و شاری مووسڵ بە دانیشتوان و خاکەکەی گرینگی تایبەتی ھەیە و ئەمە درێژکراوەیە بۆ ھەرێمی کوردستان بە تایبەت ھەردوو پارێزگای دھۆک و ھەولێر و بە پێچەوانەشەوە. ھەروەھا ئاماژەشی بە پەیوەندییە مێژوویی یەکان کرد و لە ڕووی پێکەوەژیان نەینەوای بە عێراقێکی بچووکراوە وەسف کرد.
لەبارەی شەڕی دژی داعش و رۆڵی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعش و رزگارکردنی نەینەوا و شنگال سەرۆک بارزانی رایگەیاند: ئەوەمان بینی کە لە ناوچەکە ڕوویدا و بینیتان چۆن پێشمەرگە بەرگری لە ھەموو پێکھاتەکان کرد و لە پێناو بەرگریکردن لە بەھا و روحی ھاووڵاتییان لە نەینەوا و دھۆک و تەواوی ناوچەکانی دیکە گیانیان بەخشی . پێشمەرگە ١٢ ھەزار شەھید و برینداری لە شەڕی دژی داعش دا.
ھەروەھا لەبارەی رۆڵی ھەرێمی کوردستان لە بەھاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو و ستەم دیدە سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە: ھەرێمی کوردستان پەناگەیەکی ئارام بوو بۆ ھەموو ھاووڵاتییان بێ جیاوازی و ھەر بە پەناگە بۆ ھەموو ھاووڵاتییەکی عێراقی بێ جیاوازی دەمێنێتەوە .
ھەر لە ووتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا :داعش تاوانی دڕندانەی ئەنجام دا و زیانی بە دۆخەکە و برایەتی و پێکەوەژیان گەیاند، بەڵام بە ھەوڵی دڵسۆزان لە ھەموو ئایین و مەزھەبەکان و نەتەوەکان ئەو کۆستە تێپەڕێندرا . دووپاتیشی کردەوە ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵات شتێکە و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی گەل شتێکی دیکەیە و نابێت ھیچ دۆخێک کاریگەری بکاتە سەر ئەو پەیوەندییە پیرۆزە .
سەبارەت بە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی ھیوای خواست ئەم ھەڵبژاردنە دەرەنجامێکی جیاوازی لەچاو ھەڵبژاردنەکانی پێشوو لێبکەوێتەوە و ھاوکار بێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی بگەڕێتەوە سەر ڕاستەڕێی خۆی و بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە دەستوور و پابەندبوون بە ھەرسێ بنەمای ھاوبەشی و ھاوسەنگی و سازان.
لەبارەی دەستووری عێراقیش، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە: دەستوور ماف و ئەرکەکانی دیاریکردووە و بەشی ئەوەی تێدایە کە پشتگیری ئەم دەستوورە بکەین و شانازی پێوەبکەین .
لەبارەی ماددەکانی ١١١ و ١١٢ی دەستوور کە پەیوەستن بە بابەتی نەوت و گاز لە عێراق سەرۆک بارزانی ڕوونکردنەوەی پێویستی خستەڕوو و جەختی کردەوە: پێویستە بۆ دەستوور بگەڕێینەوە و ئەگەر ئەوان بڵێن نە فیدراڵی و نە دەستوور و نە ھەرێم ھەبێت، ئێمە بە ھەموو شێوەیەک دیکتاتۆریەت رەت دەکەینەوە .
لە بەشێکی دیکەی ووتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە کە کاندیدانی پارتی راسپاردووە ھەر نوێنەری ھەرێم نەبن بەڵکوو نوێنەرایەتی ھەموو عێراق و پێکھاتەکان بکەن . باسیشی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول کرد و ووتی : ھیچ رۆژێک و ھیچ جارێک پەنامان بۆ ھیچ کردەوەیەک نەبرد کە ھاووڵاتی عێراق ئازار بدات لە ھیچ شارێکی عێراقی لە باشووری عێراق تا باکوور .
لە کۆتاییش دا سەرۆک بارزانی بە ئامادەبووان و خەڵکی نەینەوا و شنگالی راگەیاند دەنگ بەو لایەنە بەو کەسە بدەن کە خزمەتتان دەکات و وای دەبینن کە دەتوانێت بەرگری لە مافەکانتان بکات ، ئەمە بۆ ئێوە جێھێڵدراوە و ئازادی تەواوتان ھەیە . دووپاتیشی کردەوە گوێ نادەینە ھێندێک لەو کەسانەی کە ھەڕەشەیان کردووە و ئەمە تای ھەڵبژاردنە و ھیچ نرخێکیان نییە، چوونکە دەزانین نوێنەرایەتی ڕای ھاووڵاتییان ناکەن بە تایبەت ڕای شەقامی عەرەبی.

