پارێزگاری هەولێر : کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران جەخت لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان کراوەتەوە

پەیامی کورد ... پارێزگاری هەولێر : کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران جەخت لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان کراوەتەوە
پارێزگاری ھەولێر و ورمێ کۆبوونەوە و "کردنەوەی دەروازەی سنووری کێلەشین، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ھاتووچۆی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ چلەی ئیمام حسێن" تاوتوێ کران.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر لەگەڵ رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "ورمێ رۆڵی سەرەکی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ ووڵاتی ئێران ھەیە."
پارێزگاری ھەولێر بە پێویستی دەزانێت پەرە بە پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان ورمێ و ھەولێر بدرێت و دەڵێت، "پاڵپشتی ھەر ھەوڵێک دەکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەم پەیوەندییانە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە سەردانەکەی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و ئەوەی خستەڕوو، "سەردانەکەی بەڕێزیان دەرخەری پەیوەندی باشی نێوانمانە."
ئەوە یەکەم دیداری پارێزگاری ھەولێر لەگەڵ پارێزگاری نوێی ورمێ بوو لەدوای دەست بەکاربوونی لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤. پارێزگاری ھەولێر ئەوەی خستەڕوو، "لەم سەردانەدا بەگشتی کۆبوونەوەی باشمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ھەبوو؛ ھیوادارم سەردانەکە کاریگەری لەسەر بەرەوپێش بردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان ھەبێت."
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخی ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق دەکەن. بەشێک لە قسەکانی ئومێد خۆشناو تایبەت بوون بە ھاتووچۆی زیارەتکاران و گوتی، "لە ئێستاوە ئامادەی پێشوازیکردن و ئاسانکاریین بۆ ھاتووچۆیان."
ھاوکات رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ باسی لە کردنەوەی دەروازەی سنووری کێلەشین کرد، کە دەکەوێتە سنووری قەزای سیدەکان و شاری شنۆی رۆژھەڵاتی کوردستان.
پارێزگاری ورمێ پێی وایە کردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە دەبێتە ھۆی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی. رەحمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا رێکارە کارگێڕییەکان بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکە گیراونەتەبەر و ھیوادارم بە زووترین کات بکرێتەوە."
رۆژی ٢٧-٠٤-٢٠٢٥ پارێزگاری ھەولێر بە سەرپەرشتی شاندێک بۆ بەشداریکردن لە پێشانگەی نێودەوڵەتی "ئێکسپۆ ٢٠٢٥" گەیشتە تاران و لەلایەن ژمارەیەک لە بەرپرسانی ووڵاتەکەوە پێشوازی لێکرا.
ئومێد خۆشناو جگە لە پارێزگاری ورمێ، لەگەڵ پارێزگارەکانی تاران، قەزوین و زەنجانیش کۆبووەوە.





