بۆ درووستکردنی چوار بەندئاوی گەورە لە ھەرێم لیژنەی ھونەری پێک ھێندراوە

بۆ درووستکردنی چوار بەندئاوی گەورە لە ھەرێم لیژنەی ھونەری پێک ھێندراوە
پەیامی کورد   ...   بۆ درووستکردنی چوار بەندئاوی گەورە لە ھەرێم لیژنەی ھونەری پێک ھێندراوە

بەرێوبەری بەندئاوەکانی پارێزگای دھۆک ڕایگەیاند "ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی چوار بەندئاوی ستراتیژی لە ھەرێمی کوردستان درووست بکرێن، ئێستا لیژنەی ھونەری لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق پێکھاتوون بۆ ئەوەی ڕێکارەکان تەواو بکەن، یەکێک لەو بەندئاوانە بەنداوی مەندئاوەیە." بەڕێوبەری پێشووی ئاودێری ئاکرێش دەڵێت "بەندئاوی مەندئاوە زۆر گەورەیە و ھەولێر و دھۆکیش سوودی لێ وەردەگرن."
فەرھاد محەمەد، بەڕێوبەری بەنداوەکانی پارێزگای دھۆک، ڕایگەیاند "ھەردوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان چوار بەندئاوی گەورە و ستراتیژی درووست بکەن، یەکێک لەو بەندئاوانە بەندئاوی مەندئاوەیە و بڕیاری لەسەر دراوە، لەسەر بوودجەی عێراق درووست دەکرێت، بۆ ئەومەبەستەش لیژنەی ھونەری لە نێوان ھەرێم و بەغدا درووست کراون بۆ دیاریکردنی شوێنەکان و نوێکردنەوەی بەشێک لە دیزاینەکان، چوونکە کۆن بوونە، بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێن و پڕۆژەکان بکەونە بواری جێبەجێکردن، چوونکە ھەرێم و بەغدا ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە."
بەرێوبەری بەندئاوەکانی دھۆک ووتیشی "درووستکردنی ئەو چوار بەندئاوە سوودێکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان لە چەندین کەرت دەبێت، وەکوو بەرھەمھێنانی کارەبا، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، سامانی ماسی و زۆر بابەتی دیکە."
لای خۆیشیەوە بەڕێوبەری پێشووی ئاودێری ئاکرێ، ڕەمەزان شەریف، ڕایگەیاند "بەندئاوی مەندئاوە یەکێک لە گەورەترین بەندئاوەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت و کاری باشی لەسەر کراوە و بەندئاوێکی گەورەیە و چاوەڕێ دەکرێت یەک ملیار مەتر سێجا ئاو بگرێت، بۆ ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک سوودی دەبێت.  ئەو بەندئاوانە، ڕەنگە پێویستییان بە ٧٠٠ ملیۆن دۆلار ھەبێت، چاوەڕێ دەکرێت کۆمپانیای بیانی ئەو کارە بکەن، چوونکە ھەردوو حکوومەت لەسەری ڕێککەوتوون.
حەوزی ئەو بەندئاوە دەکەوێتە نێوان ئاکرێ و بەردەڕەش و سنوروی ھەولێر و دەشتی ھەولێر و ھەرسێ قەزای ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان سوودی لێ وەردەگرن، بۆیە بەدرووستکردنی سوودی زۆری دەبێت بۆ کەرتی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، سامانی ماسی، گەشتوگوزار، بەرھەمھێنانی کارەبا و بەکارهێنانی لەجیاتی ئاوی بیرەکان، بۆیە سوودێکی یەکجار زۆری بۆ ئەو ناوچەیە بەگشتی دەبێت."

ئەم بابەتە 16 جار خوێندراوەتەوە