حکوومەت پشتگیری لەو ھاووڵاتییانە دەکات پۆندی ھەرەوەزی درووست دەکەن

پەیامی کورد ... حکوومەت پشتگیری لەو ھاووڵاتییانە دەکات پۆندی ھەرەوەزی درووست دەکەن
بەڕێوبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان ووتی "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتگیری لەو ھاووڵاتییانە دەکات پۆندی ھەرەوەزی درووست دەکەن، تا ئێستا سێ پۆندی لەو جۆرە درووست کراون کە سوودی زۆر باشی بۆ خەڵک دەبێت.
دکتۆر کاروان ھەورامی، بەڕێوبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "لە قەزای ئامێدی دەست بە دروستکردنی پۆندێکی دیکەی ھەرەوەزی کرا، ئەو پۆندە دەبێتە سێیەم پۆند لە ھەرێمی کوردستان کە ڕێکخراوی wfp ھاوکاری و پشتیوانیی دارایی پێشکەش کردووە، چوونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە درووستکردنی پۆند لە ھەرێمی کوردستان دەدات، ھەر بۆیە لەسەر دەستپێشخەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان ئەو پۆندانە درووست دەکرێن."
دکتۆر کاروان ھەورامی ووتیشی "پۆندی ھەرەوەزی خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکەوە درووستی دەکەن، ئەمەش ھەنگاوێکی باشە ھەم بۆ نەھێشتنی ڕۆتین و ھەم تێچووی درووستکردنی کەم دەکاتەوە و نابێتە ئەرکیش بۆ سەر بوودجەی گشتی، بەشێوەیەکی زۆر زانستییانەش درووست دەکرێن، بۆیە خەڵکی ھەر گوندێک بیەوێت پۆندی ھەرەوەزی درووست بکەن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییان دەکات، چوونکە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ملیارێک و ٥٠٠ملیۆن دیناری بۆ ھاوکاری ئەوانە تەرخان کردووە پۆندی ھەرەوەزی درووست دەکەن."
ئەو پۆندانەی درووست دەکرێن بۆ چەندین کەرتی جیاجیا سوودی لێ وەردەگیرێت، وەکوو کەرتی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، سامانی ماسی، ئاژەڵداری و کەرتی دیکە.
ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە




