٣٢ ھەزار فەرمانبەری دیکە سوومەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی

پەیامی کورد ... ٣٢ ھەزار فەرمانبەری دیکە سوومەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی
بەڕێوبەری یاسایی وەزارەتی شارەوانی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، نزیکەی ٣٢ ھەزار فەرمانبەری دیکە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی، دەشڵێ "خزمەتی گرێبەستیش ھەژمار دەکرێت بۆ ئەو فەرمانبەرانەی بوونەتە ھەمیشەیی."
سەربەست مەولوود، بەڕێوبەری یاسایی وەزارەتی شارەوانی، ڕایگەیاند، "لیستێکی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانە، ژمارەیان نزیکەی ١٠ ھەزار پێشمەرگەیە، چاوەڕێی پەسەندکرنین بۆ وەرگرتنی زەوی، ھەروەھا لیستێکی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگەمان لەبەردەستە ١٠ ھەزار ناوە."
بەڕێوبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی ووتیشی، "خەریکی لیستێکی خانەنشین و فەرمانبەرانین، ڕەنگە ببێتە دوا لیست بینێرین بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، تا ڕەزامەندی لەسەر بدرێت بۆ پێدانی پارچە زەوی، ژمارەیان ١٢ ھەزار فەرمانبەر و خانەنشینە."
لەبارەی ئەوانەی خزمەتیان ھەیە و گرێبەست بوونە، سەربەست مەولود ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "پێشتر ڕێنمایی بە ھەموو وەزارەت و فەرمانگەکان دراوە، ئەگەر فەرمانبەرێک لە وەزارەتێک گرێبەست بووبێت و دواتر کرابێتە فەرمانبەری ھەمیشەیی ئەوە خزمەتی گرێبەستەکەی بۆ ھەژمار دەکرێت بۆ وەرگرتنی زەوی، بەڵام بە مەرجی ئەوەی لە ھەمان وەزارەت گرێبەستی ھەبووبێت کە ئێستا تێیدا فەرمانبەری ھەمیشەیی یە."
ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە




