دەستەی ژینگەی ھەرێم : پڕۆژەی رووناکی سوودێکی زۆر باش بەژینگە دەگەێنێت

پەیامی کورد ... دەستەی ژینگەی ھەرێم : پڕۆژەی رووناکی سوودێکی زۆر باش بەژینگە دەگەێنێت
بەڕێوبەری کاروباری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ووتی "پڕۆژەی رووناکی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، سوودێکی زۆر باش بە ژینگەی ھەرێمی کوردستان دەگەێنێت، چوونکە ئەو هەزاران مووەلیدانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەن چیتر کار ناکەن کە فاکتەرێکی سەرەکین بۆ پیسبوونی ژینگە، بۆیە پشتگیری لە پڕۆژەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین."
ئازاد نوری عەوڵا، بەڕێوبەری کاروباری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "پڕۆژەی رووناکی پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری زۆر گرینگە و سوودێکی زۆریشی بۆ ژینگە ھەیە، چوونکە ئەو مووەلیدانەی ڕۆژانە بۆ پێدانی کارەبا کار دەکەن نامینێن، کە دووکەڵێکی پیسیان ھەیە بۆ ژینگە، ئەمەش دەبێتە ھەنگاوێکی زۆر گرینگ و باش بۆ ئەوەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان باشتر بێت، بۆیە ئێمە وەکوو دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان پشتگیری لەو ھەنگاوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، لیژنەیەکیش لە ئەنجوومەنی وەزیران پێکھاتووە و دیراسەی ئەو کارەش دەکەن."
ئازاد نوری عەوڵا ووتیشی "ئێمە وەکوو دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان دیراسەی خۆمان دەکەین، بێ گومان ئەنجامەکەی زۆر باش دەبێت، چوونکە ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە قۆناغ ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەکات، ھەر جارە و لە چەند گەڕەکێک پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، لە ھەولێر نزیکەی ٤٠٠ مووەلیدە نەماون، بەپێی داتای پێشتر نزیکەی حەوت ھەزار مووەلیدە لە ھەرێمی کوردستان ھەبوون، ئەوە جگە لە مووەلیدەی کارگە و شوێنە بازرگانییەکان، نەمانی مووەلیدەش لە بەرژوەندی خەڵکی کوردستانە و سوودێکی زۆر باشی بۆ ژینگە ھەیە، پڕۆژەی رووناکی لە سلێمانی و دھۆکیش دەستی پێکردووە."
دەشڵێت "یەکێک لە ھۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە لە ھەرێمی کوردستان ئەو مۆلیدانەیە، نەمانیان سوودی زۆر باش بە ژینگەی ھەرێمی کوردستان دەگەێنێت، ئێمەش لەڕووی ژینگەییەوە دیراسەیەکی ورد بۆ ئەو کارە دەکەین، چوونکە ئێستا جگە لەو پڕۆژەیە خەڵک کارەبا لە ووزەی خۆریش وەردەگرن، ئەوەش سوودێکی باشی ھەیە بۆ ژینگەی ھەرێمی کوردستان."
ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە




