سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر بەسەر کردەوە

پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر بەسەر کردەوە
سێشەممە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری ھەولێر بەسەر کردەوە، کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو بەردی بناخەکەی دانا.
سەرپەرشتیار و ئەندازیارانی پڕۆژەکە کورتەیەکیان دەربارەی ھەنگاوەکانی جێبەجێکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەکەیان خستەڕوو کە ئاو لە زێی گەورەوە دەگەیەنێتە ناو شاری ھەولێر و تا ئێستا زیاتر لە ٧٥% پڕۆژەکە تەواو بووە و یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئاو لە سەر ئاستی عێراق و کێشەی کەمئاوی لە شاری ھەولێر بۆ چەندین ساڵ چارەسەر دەکات و کوالیتی ئاوەکەش زۆر پاک و خاوێن و لە ئاستێکی بەرزدایە و بڕیارە ئەمساڵ بەر لە کاتی دیاریکراوی خۆی، پڕۆژەکە تەواو بکرێت.
سەرۆکی حکوومەت دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار و سەرپەرشتیار و ئەندازایاران و تەواوی کارمەندان کرد و سوپاسی کردن کە بە شێوەیەکی پیشەییانە و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان، کار لە پڕۆژەکەدا دەکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا، بخرێتە خزمەتی ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر.





