مەسروور بارزانی پەیامێکی ئاراستەی کادیرانی پارتی کرد

مەسروور بارزانی پەیامێکی ئاراستەی کادیرانی پارتی کرد
پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی پەیامێکی ئاراستەی کادیرانی پارتی کرد

مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی 20مـین خولی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی پەیامێکی ئاراستە کردن و ڕایگەیاند، "ئامادەبن بۆ ئاڵنگارییەکان".

دەقی ووتارەکەی مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان: 

زۆر خۆشحاڵم كە بەیەكەوە لێرە ئامادەین لە خولی بیستەمی پێگەیاندن و پەروەردەكردنی كادیران. دەستخۆشی لە كاك قادر و ستافی پەیمانگەكە دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم بۆنە گرینگە و دەستخۆشی لە هەموو مامۆستایان و كادیرە بەڕێزەكانیش دەكەم. هیوادارم خولێكی سەركەوتوویان هەبێت و ئامادە بن لە ماوەی داهاتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیات و سەرخستنی پرۆژە و ئەجێندای پارتی ئینشائەڵا.

پەروەردە و پێگەیاندن، هەر لە مێژووی پارتییەوە بەشێكی گرینگی ئەم حیزبە بووە بۆ پێگەیاندنی كادیران كە ئەوان بتوانن لەگەڵ كۆمەڵگە و لەگەڵ پێشهاتەكان خۆیان ئامادە بكەن و ڕووبەڕوویان ببنەوە. بەشێكی خولی پەیمانگە، پەیمان نوێكردنەوەیە لەگەڵ ڕێبازی بارزانی ، لەگەڵ دامەزرێنەر و ڕێبەر و باوكی نەتەوەیی و نیشتمانیمان مەلا مستەفای بارزانی، لەگەڵ سەركردە و ڕابەرمان كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیاد، لەگەڵ سەركردە تێكۆشەرەكانمان، لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكانمان، لەگەڵ خۆمان، لەگەڵ نەتەوەكەمان، لەگەڵ خاكمان كە ئێمە پێویستە هەمیشە ئامادەبین بۆ سەرخستنی ئەم ڕێبازە پیرۆزە و گەیاندنی نەتەوەكەمان بە قۆناغی سەركەوتن لە ماوەیەكی نزیكدا ئینشائەڵا.

بەشێكی تری دووپاتكردنەوە و پەیمان نوێكردنەوەیە لەگەڵ سەرۆك و ڕابەرمان جەنابی سەرۆك بارزانی، لەگەڵ ئەمڕۆ، لەگەڵ نەوەی داهاتوو كە ئێمە چۆن هەنگاو دەنێین، نەك تەنیا ئەو مێژووە پڕ سەروەرییەی كە هەمانە بەرز رای دەگرین، بەڵكوو دەبێ خۆشمان ئەوەی لە تواناماندا بێ بیكەین بۆ ئەوەی لەسەر ئەو مێژووە زیاد بكەین و قۆناغ بە قۆناغ پارتی لە هەموو ناوچەكانی كوردستان وا بكەین سەركەوتوو بێت و وا بكەین ئێمە نەهج و پەیامی پارتی بگەێنین بە هەموو تاك و چین و توێژێكی ئەم ووڵاتە.

پارتی مێژووێكی زۆر دەوڵەمەندی هەیە، بەڵام نابێ ئێمە تەنیا لە مێژوودا بژین. ئێمە سەربەرزین و شانازی بە مێژووی خۆمان و سەركردەكانمان دەكەین، بە رابردووی خۆمان و بە خەبات و قوربانیدانی خۆمان دەكەین، ئەوەی پارتی كردوویەتی بێ نموونەیە، بەڵام ناكرێ تەنیا لە مێژوودا بژین،  پێویستە خۆشمان ئەوەی لە تواناماندایە بیكەین و ئیزافەی بكەینە سەری بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتووش بتوانن ئەو مێژووەی ئێمە دروستی دەكەین، ئەوانیش بە هەمان شێوە شانازی بە مێژووی خۆیانەوە بكەن. بۆیە ئەركێكی گرینگی ئێمەمانانە، هی كادیرە بەڕێزەكانە كە خۆیان ئامادە بكەن ئەمڕۆ چۆن ڕووبەڕووی تەحەدیاتەكان دەبنەوە و چۆن خۆشیان ئامادە بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوو نەوەیەكی نوێ پێ بگەیەنن.

سەردەمی ئێستا لەگەڵ رابردوو جیاوازە، ئێستا تەكنۆلۆژیای نوێ هەیە، زیرەكی دەستكرد هەیە، شێوازی گەیاندنی پەیامەكان زۆرن، راگەیاندن تەنیا چاپەمەنی نییە، ئێستا تەلەڤزیۆن هەیە، رادیۆ هەیە، سۆشیال میدیا هەیە، دەبێ خۆمان بگونجێنین لەگەڵ زانستی سەردەم، لەگەڵ تەكنۆلۆژیای سەردەم و پێگەیاندنی كادیر نابێ تەنیا لە چوارچێوەی پێگەیاندنی بیرۆكەی حیزبایەتی دا بمێنێتەوە، پێویستە هەم سوود لە تەكنۆلۆژیای سەردەم وەربگرین، هەم خۆشمان پێ بگەیەنین لەوەی كە ئاگادار بین ڕووداوەكان لە ناوچەكەدا بە چ ئاراستەیەكدا دەڕۆن تاكوو ئێمە بتوانین لە ئاستی بیركردنەوەی نەتەوەكەمان دا بین، هی خەڵكی خۆماندا بین. ئەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكەدا دەكرێن و هەموومان دەبینین كە زۆر بەخێرایی ئەم ڕووداوانە ڕوودەدەن، دەبێ خۆمان ئامادە بكەین لەوەی كە چۆن ڕووبەڕوویان ببینەوە؟ دەبێ نەك تەنیا ئەو وانانەی لێرە لە پەیمانگا بە ئێوە دەدرێ، ئەمە تەنیا سەرچاوەی زانست بێ، هەر تاكێكی ئێوە، هەر كادیرێكی بەڕێز پێویستە هەوڵی ئەوە بدا بەوەی كە چۆن خۆی پێ بگەیەنێت؟ چۆن خوێندنەوەی زانستی بۆ رووداوەكان بگات، چۆن خۆمان ئامادە بكەین.

چەندین حیزب و لایەنی جیاواز لە كوردستانن، هەندێكیان هاوپەیمانمانن، هەندێكیان مونافسمانن، ململانێیەكی سیاسی لە كوردستاندا هەبووە و بەردەوام دەبێت. ئێمە دەبێ ئەوە بزانین چۆن خۆمان ئامادە بكەین كە ووڵامی هەرچی پروپاگەندەی خراپە دژ بە حیزب و نەتەوەكەمان بدەینەوە و خۆشمان پەیامەكانمان چۆنن و چین؟ ئەم پەیامانە بە چ ئاراستەیەك و بە چ جۆرێك بە خەڵكی خۆمان بگەیەنین؟

پێویست ناكات ئێمە ووڵامی هەموو قسەیەكی ناحەزان بدەینەوە، بەڵام پێویستە ئامادە بین بۆ ئەوەی پەیامی خۆمان وەكوو هەیە بگەێنین، دەبێ تێكەڵ بوون بە كۆمەڵگە، درووستكردنی رای گشتی لەناو كۆمەڵگە بەشێكی سەرەكی ئەرك و كاری كادیرەكان بێت. كادیر كە لە پەیمانگا تەواو دەبێت و دەچێتەوە ناو كۆمەڵگە، ئیشەكەی دیارە. پێویستە ئێمە بچین لەنێو هەموو چین و توێژەكانی خەڵكدا وا بكەین كە بیروباوەڕ و نەهجی ئەم رێبازە پیرۆزەیان پێ بناسێنین، بۆ ئەوەی ئەوانیش بڕوامان پێ بكەن، لەگەڵمان بن، هاودەنگمان بن، تاكوو لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ئەوانیش لەگەڵ ئێمە دەنگ بۆ ئەم رێبازە پیرۆزە بدەن، چونكە پێمانوایە سەرخستنی رێبازی پیرۆزی بارزانی، سەرخستنی كوردستانە، سەرخستنی ڕێگای كوردایەتییە.

بەبێ پارتی، بەبێ ئێوە، باوەڕ ناكەم ئێمە بتوانین ئاواتی نەتەوەكەمان بێنینە دی، بۆیە تاكوو خۆتان بەهێز بكەن و خۆتان بەقوەت بكەن و تاكوو ئێوە بتوانن لەگەڵ خەڵك تێكەڵ بن و متمانەی خەڵك بەدەست بهێنن، ئەوەندە لە بەدەستهێنانی ئامانج نزیك دەبینەوە.

بۆیە من نامەوێ لەمە زیاتر قسەكانم درێژ بكەمەوە، دڵنیام كە لەم خولە، لە مامۆستا بەڕێزەكان، ئەوەی پێویستە لەگەڵتان باس دەكەن و خۆشتان خۆتان پێدەگەیەنن و خوێندنەوەی تەواوتان بۆ ڕووداوەكان هەیە. لەبیرمان نەچێت لایەنەكانی تریش دژ بە ئێمە هەوڵی خۆیان دەدەن، ئەوەی گرینگە بۆ ئێمە، ئێمە وابكەین كە پارتی حیزبی یەكەم بێت، حیزبی نەك تەنیا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لەسەر ئاستی هەموو عێراق. جێی دڵخۆشیشە كە ئەمڕۆ دەبینین لەسەر ئاستی هەموو كوردستان، بیرۆكەی ئاشتەوایی و پێكەوەیی و هۆشیاركردنەوەی نەتەوەیی خەریكە جێگیر دەبێت، ئەمە بەڕاستی جێی دڵخۆشییە كە دەبینین لە باكوور، لە باشوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، لە هەموو شوێنێك، كورد بیر لە چارەنووسی خۆی دەكاتەوە، گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆی بە شێوەیەكی ئاشتییانە. پارتی دەورێكی گرینگ و سەرەكی هەبووە لە سەرخستنی ئەم بیرۆكەیە، هیوادارین كە بەئەنجام بگات و ئێمەش لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بتوانین پێگەی پارتی وا بەهێز بكەین كە لە ناو خودی عێراقیش دا كاریگەری زیاترمان لەسەر ڕووداوەكان هەبێت.

جارێكی تر من سوپاس و دەستخۆشی لە مامۆستایان دەكەم، لە ڕێكخەرانی ئەم پەیمانگەیە و ئەم خولە دەكەم، هیوای سەركەوتن بۆ هەموو كادیرە سەركەوتووەكان دەكەم، ئێوە سەركەوتوو بن، پارتیمان هەر سەربەرز و سەركەوتوو بێت، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە